ئەوانەی ناویان لەلیستەکەدا نییە

 بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بۆ ماوەی 10 رۆژ ئاگاداردەکرێنەوە خۆیان ناونووس بکەن

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی هەڵەبجە ئاگاداری ئەو کەسانەی کردووەتەوە کە بەرکەوتەی چەکی کیمیاوین بەڵام مووچەی بەرکەوتەیان نیە و لەو لیستەشدا ناویان نییە کە پێشتر بڵاویان کردووەتەوە، پێیان رادەگەیەنێت سەردانیان بکەن.

ماوەی سەردانیکردنەکەیان 10 رۆژە لە دوێنێ 24.8.2026 دەستیپێکردووە و رۆژی 3.9.2026 یش کۆتایی دێت، مەبەست لە سەردانیکردنیشیان پڕکردنەوەی فۆڕمێکی تایبەتە بە بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی .

شەهیدانی هەڵەبجە داوای لە تەواوی هاوڵاتیان کردووە کە هەرکەسێک بناسن کە بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی بێت و مووچەی نەبێت، ئاگاداریان بکەنەوە سەردانیان بکەن، بۆ ئەوەی کەس مافی نەفەوتێت .

بۆ ئەوانەی بەرکەوتەی ئەو چەکەن و موچەیان نییە، دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، دەبێت کەسەکە خۆی یاخود کەسی یەکەمی، فۆڕمەکە وەرگرێت و پڕیکاتەوە و پێویستیشە کارتی نیشتمانی لەگەڵ خۆی بهێنێت .

ئاگاداریشی کردوونەتەوە کە ئەمە دوایین دەرفەتە هەرکەس لەو ماوەیەدا سەردان نەکات و فۆڕم پڕنەکاتەوە مافی دەفەوتێت، چونکە دەڵێت، ئەو لیژنە پزیشکییەی دروستکراوە بۆ پشکنینی بەرکەوتوان، دواین لیژنە دەبێت .