دوکەڵ لە شوێنی بۆردومانێکی تورکیا بەرزدەبێتەوە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
هەشت هێرشی تورکیا
بانگەوازەکەی ئۆ*جەلان و بەڵێنی چەکدانان هێرشەکانی تورکیای رانەگرتووە
964+
ژووری هەواڵ
لەدوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆ*جەلانەوە، تا ئێستا سوپای تورکیا هەشت جار هێرش و بۆردومانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، دوایین جاریان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوو.
رێکخراوى سى پى تى ئەمریکى رایگەیاند، کاتژمێر 1:04 خولەکی بەرەبەیانى ئەمڕۆ، سوپاى تورکیا بە هێلیکۆپتەر هێرشیکردەسەر چیای لینکی لە شارەدێى دێرەلوکى سەربە شارۆچکەى ئامێدی و ئەندامانى پارتی کرێکارانی کوردستان بە تەقەکردن وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، لە هێرشەکەدا هیچ هاوڵاتییەک نەبووەتە قوربانی، بەڵام بەهۆی نزیکی هێرشەکە لە شارەدێى دێرەلوکەوە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاونیشتمانییان بڵاوبووەتەوە.
لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت چیای لینکی بە چەند موشەکێک دەکرێتە ئامانج و بەهۆی تەقینەوەی موشەکەکانەوە رووبەرێکی فراوان لە چیاکە رووناک دەبێتەوە.
کامەران عوسمان، بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤ لە CPTی بە 964ی وت، سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێرشی کردووەتە سەر چیای لینکی لە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و گەریلاکانی پارتی-کرێکارانی-کوردستانیش بە تەقەکردن وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.