پارێزگار بڕیاریداوە
كه‌ركوك سبه‌ینێی کردە پشوی فه‌رمی بۆ به‌شداری له پرسه‌ی خامنه‌یی
فەرهاد حەسەن
پارێزگاری کەرکوک رایگه‌یاند، سبه‌ی چوارشەممە دەوامی فەرمی لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگاکە راده‌گیرێت، هۆكاره‌كه‌شی بۆ به‌شداریكردنی هاوڵاتیان له پرسه‌ی عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری كۆچكردووی باڵای ئێران گه‌ڕانده‌وه.
محەمەد سه‌معان ئاغا پارێزگاری کەرکوک لە په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه، بڕیاریانداوه به راگرتنی دەوام له‌سه‌رجه‌م داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی خۆجێیی له پارێزگاکەیان “ئامانج له پشوه‌كه ئه‌وه‌یه خەڵکی کەرکوک دەرفەتی بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی پرسەی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆچکردووی ئێرانی هه‌بێت، جگە لە ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی شەهیدبونی ئیمام زەینه‌لعابدین لە قەزای داقوق”.
پارێزگار باسی له‌وه‌شكردووه، ئەم بڕیارەیان وەکو دووپاتکردنەوەی پەیامی هاودەنگی و یەکگرتویی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان و خەڵکی پارێزگای کەرکوک دێت.
بڕیاره ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، ته‌رمی عەلی خامنه‌یی بگه‌یه‌ندرێته به‌غدا، سبەینێ چوارشه‌ممه كاتژمێر 6:00ی به‌یانیش له شاری نه‌جه‌ف كاروانی پرسه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بچێت و لە كاتژمێر 4:00ی ئێواره‌ش كاروانەکە دەگاتە كه‌ربه‌لا، پاشان ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه مه‌شهه‌د و له‌وێ به‌خاكده‌سپێردرێت.