بۆ سەلامەتی گەشتیاران و هاوڵاتیانە

هەڵەبجە لە تەواوی شوێنە گەشتیارییە مەترسیدارەکان تابلۆی رێنمایی و ئاگادارکردنەوە دادەنێت

فەرهاد حەسەن

گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردوە، بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان لە تەواوی ناوچە گەشتیارییەکانیان تابلۆی رێنمایی و ئاگادارکردنەوە بۆ هاولاتیان و گەشتیاران دادەنێت.

ماوەی دوو رۆژە تیمێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە، لە ناوچەگەشتیارییەکانی پارێزگاکە تابلۆی رێنمایی و ئاگادارکردنەوە لەو شوێنە ئاویانەدا دادەنێت کە مەترسین لەسەر ژیانی گەشتیاران و سەردانیکەران بە تایبەتیش لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا، سەرچاوەی زەڵم، دوانزە ئیمام، نەورۆڵی و سازان  .

گەشتوگوزار دەڵێت، دانانی ئەم تابلۆیانە بەئامانجی ئاگادارکردنەوەی گەشتیاران و سەردانیکەرانە بۆ نزیك نەکەوتنەوەیان لە سەرچاوە ئاوییەکان و مەلەنەکردن بۆ ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراو روونەدات.

داوا لە گەشتیاران و سەردانیکەران دەکات پابەندی رێنماییەکان بن و دووربکەونەوە لە قەراخ سەرچاوەی ئاویەکان.