ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و وشکەساڵی یە
عێراق پێویستی بە چاندنی 15 ملیۆن نەمامە و مەترسی لەسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمیش هەیە
فەرهاد حەسەن
ئەمڕۆ 17.6.2026 رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون و وشکەساڵییە، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ئەم رۆژەی دیاریکرد و ئەمساڵیش بە دروشمی “لەوەرگەکان: داننان بە بەهایان، رێزگرتن لێیان و بوژاندنەوەیان” یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە.
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، چاودێری دۆخی وشکەساڵی و بەبیابانبوونی لە عێراق و جیهان کردووە و ئامارێکی وردی لەمبارەیە دەستکەوتووە، کە بەپێی دوایین ئامار رێژەی بیابانبوون 14%ی رووبەر و خاکی عێراقی داپۆشیوە.
ئەو زەویانەی لە عێراقدا بە مەترسیدار ناوبراون بریتیین لە 27 ملیۆن دۆنم کە 55%ی مەترسی بەبیابانبوونیان لەسەرە، ساڵانەش نزیکەی 100 هەزار دۆنم زەوی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییەوە لەدەستدەچێت.
لەبارەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیشەوە، 70%ی ئەو زەویانە لە مەترسی بیابانبوون دان و 61%یان بەهۆی بێ ئاوییەوە مەترسییان لەسەرە، بەمەش بە رێژەی 70%ی یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی مەترسی دابەزینی بەرهەمهێنانیان لەسەر دروستبووە.
لە ئێستاشدا عێراق پێداویستی بە چاندنی زیاتر لە 15 ملیار نەمام هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون، چونکە پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050، 20%ی سەرچاوە ئاوییەکانی لەدەست بدات ، هەموو ئەوە کێشەو گرفتە ژینگەیانەش وای لە عێراق کردووە لە ریزبەندی پێنجەمین وڵاتانی جیهاندا بندرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش سەرۆکی ئەو رێکخراوە دەڵێت، چەند دەستكەوتێك لە بواری پاراستنی ژینگە بەدەستهاتوون كە لەناوچەكانی دیكەی عیراق نین، لەوانەش بەكارهێنانی گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و سودوەرگرتن لە وزەی پاك بۆ هەمان مەبەست.
ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەی چەند ساڵێکە لەچەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گەرمیان و بەشێک لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاردەی بەبیابانبوون بونی هەیە، وێڕای ئاگادارکردنەوەی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و بەستنی کۆڕ و سمینار لەو ناوچانە، بەداخەوە حکومەت هیچ گرنگییەکی بەو گرفتە نەداوە هەر ئەوەشە وایکردووە، ئەو مەترسییە ساڵانە روو لە زیادبوون و فراوان بوون بکات.
سەرۆکی پێشووی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمیش، ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، ئاشكرای دەکات، ناوچەكانی گەرمیان و رۆژئاوای كەركوك و باشووری دهۆك مەترسی بەبیابانبونیان لەسەرە و داوای هاوكارییان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ساڵی 2023، ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق وتبووی “ئامارێكی دیاریكراو بۆ رێژەی بەبیابانبوون لە هەرێم نییە، بەڵام داوایان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە هاوكارییان بكەن لە سەوزكردنی ناوچەكانی گەرمیان، باشوری دهۆك و رۆژئاوای هەولێر، چونكە مەترسی بیابانبونیان لەسەرە”.
باسی لەوەشكردووە، لە هەرێمی كوردستان چەند دەستكەوتێك لە بواری پاراستنی ژینگە بەدەستهاتوون كە لەناوچەكانی دیكەی عیراق نین، لەوانەش بەكارهێنانی گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و سودوەرگرتن لە وزەی پاك بۆ هەمان مەبەست.