"بۆ ئەوەی سەیرانەکانیان بە خۆشی بێت"

تابلۆ بۆ شوێنە مەترسیدارەکانی زەڵم و ئەحمەدئاوا داندران

فەرهاد حەسەن

بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت رێکارەکانی خۆپارێزیان بۆ گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارییەکان تووندتر کردووە و بۆ ئەمەش لە سەرچاوەی زەڵم و سەیرانگای ئەحمەدئاوا چەندین تابلۆی رێنماییان داناوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەرگری شارستانی کە چەندین وێنەی کاتی دانانی تابلۆکانی بلاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە سەرچاوەی زەڵم و سەیرانگای ئەحمەدئاوا، لەلایەن تیمی بەشی هونەری بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە ژمارەیەک تابلۆی رێنمایی و ئاگادارکردنەوە بە هاوکاری گەشتوگوزاری هەڵەبجە  دانران.

دەشڵێت “مەبەستیان هۆشیارکردنەوەی گەشتیارانە لەو شوێنانەی کە جێگای مەترسین بۆ مەلەوانی و نزیکبوونەوە لێیان”.

بەرگری شارستانی هیواخوازە، هاوڵاتیان و گەشتیاران پابەندی رێنماییەکانیان بن بۆ ئەوەی گەشت و سەیرانەکانیان بە ناخۆشی و خەمباری کۆتایی نەیەت.