جگە لە پزیشکیان و قالیباف کوڕێکی خامنەییش ئامادە دەبێت
رێوڕەسمی خامنەیی لە عێراق بە 351 كاروان و 2500 كامێراش بۆ په‌خشی راسته‌وخۆ بەڕێوەدەچێت
فەرهاد حەسەن
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق، نه‌خشه‌ی كاروانی رێوڕەسمی پرسه‌ی عه‌لی خامنه‌یی و ژماره‌ی كاروانه به‌شداربووه‌كانی پرسه‌كه‌ی له پارێزگاكانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا روونكرده‌وه و داواشی له هه‌وموان كرد كه رێوڕه‌سمه‌كانی پرسه‌كه “به سیاسی” نه‌كه‌ن یاخود بۆ مه‌به‌ستی سیاسی نه‌قۆزنه‌وه.
فه‌ریق سه‌عد مه‌عن، به‌رپرسی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق له‌میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له بینای پارێزگای نه‌جه‌ف رایگه‌یاند، هه‌موو پێكهاته ئه‌منییه‌كان له جێبه‌جێكردنی پلانی ئه‌منی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كاروانی پرسه‌ی خامنه‌یی به‌شدارن، هیچ قه‌ده‌غه‌یه‌كیش بۆ به‌شداریكردنی هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك له پرسه‌ی خامنه‌ییدا نییه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، درێژی رێگای كاروانی پرسه له نه‌جه‌ف شه‌ش كیلۆمه‌تره، له كاتێكدا درێژی رێگای كاروانی پرسه له كه‌ربه‌لا 5.8 كیلۆمه‌تره، 351 كاروانیش به‌شداری له پرسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، زیاتر له سێ هه‌زار میدیاكاری عێراقی و عه‌ره‌بی و بیانی به‌شدار ده‌بن له رووماڵكردنی رێوڕه‌سمی پرسه‌كه، جگه له دابینكردنی دوو هه‌زار و 500 كامێرا و 23 ناوه‌ندی په‌خشی راسته‌وخۆ بۆ رووماڵكردنی مه‌راسیمه‌كان.
به‌رپرسی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی ئاشكرایكرد، 150 ئه‌مبوڵانس ته‌رخانكراون بۆ به‌شداریكردن له پلانی ته‌ندروستی بۆ مه‌راسیمی پرسه له نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، پلانێكی تایبه‌تی هاتوچۆش بۆ هه‌ردوو پارێزگاكه ئاماده‌كراوه، به‌مه‌به‌ستی دڵنیابوون له رۆیشتنی هاتوچۆ به ئاسانی له‌كاتی كاروانی پرسه‌كه‌دا.
لەکاتێکی پێشتری ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار رایگه‌یاندبوو، عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نه‌جه‌ف پێشوازی له ته‌رمی عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری كۆچكردووی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات.
له‌به‌رامبه‌ردا میدیاكانی ئێران بڵاویانكرده‌وه كه “سبه‌ی خانه‌واده‌ی خامنه‌یی ده‌گه‌نه پارێزگای كه‌ربه‌لا بۆ به‌شداریكردن له مه‌راسیمی پرسه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سبه‌ینێ مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران، محه‌مه‌د باقر قالیباف سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هه‌روه‌ها یه‌كێك له كوڕه‌كانی خامنه‌یی، له مه‌راسیمی پرسه له عێراق به‌شداری ده‌كه‌ن.