سێیەم بردنەوەی لەسەریەك
هەولێر لە ناو بەغدا نەفتی سووتاند
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
یانەی هەولێر بە دەستی بەتاڵ لە بەغدا نەگەڕایەوە و بردنەوەی سێیەمی لەسەریەكی تۆمار كرد و دوو گۆڵی لە نەفت تۆمار كرد.
ئەم ئێوارە لە یاریگەی ئەحمەد رازی لە بەغدا، لە گەڕی 17ی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر بردنەوەیەكی گرنگی تۆمار كرد و بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی نەفتی بردەوە.
یوسف بن سۆدە و گەیلان لوقمان گۆڵەكانی هەولێریان لە هەردوو گێمدا تۆمار كرد.
بەم بردنەوەیە هەولێر بۆ پلەی پێنجەمی ریزبەندی سەردەكەوێت بە 28 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پێش دهۆك و جەوییە دەبێت.
ئەمە سێیەم بردنەوەی لەسەریەكی هەولێرە، دوای بردنەوەی لە یانەكانی كەرخ و كەربەلا
ئێستا هەولێر 28 خاڵی هەیە و یەكسانە لەگەڵ یانەكانی دهۆك و جەوییە، بەڵام هەولێر گۆڵی زیاتری تۆمار كردووە و ئەم وەرزە خاوەن دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە.
یانەكەی قەڵاو و منارە ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و ریتمی بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەكانی لەدەست نەدا.
هەولێر دوای ئەم یارییە، خۆی بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر قوەی جەوییە ئامادە دەكات، كە لە گەڕی داهاتوو لە هەولێر بەڕێوەدەچێت