"جەوە بەهارییەکە نامینێ"

بەفر و باران گەڕایەوە و سەرمایەکی زۆریش بەڕێوەیە

964+

ژێوار خدر

سەرما وشکەکە تەواو بوو و بەفر و باران دەستپێدەکاتەوە، جا خۆتان باش داپۆشن چونکە پلەکانی گەرماش دادەبەزن و سەرماکە بەهێزتر دەبێت.

با پێتان بڵێین کەشوهەوای ئەم دوو رۆژە چۆن دەبێت بەپێی پێشبینییەکانی کەوشوهەوای هەرێم، لەم ئێوارەیەوە ئاسمان ساماڵ پەڵە هەوراوی نامێنێت و هەورەکەی چڕتر دەبێتەوە و دەبێت بە نیمچە هەور، هەرچەندە بۆ ئەمڕۆ پلەکانی گەرما زۆر جیاوازییان نییە لەگەڵ دوێنێ، بەڵام بۆ سبەی ئەم کەشە بەهارییەی نامێنێت و پلەکانی گەرما دوو بۆ چوار پلە دادەبەزن، جا هەر ئەوەش نییە، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت و دەمەو ئێوارە لە بەشێک لە ناوچەکان نمە باران دەستپێدەکات، ئینجا بۆ شەو لە ناوچە شاخاوییەکان و سنووری دهۆک، سلێمانی، سۆران و راپەڕین بارانێکی خۆش دەبارێت،  لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفر بارین دەستپێدەکات.

ئەمانەش بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆن بە پلەی سیلیزی :

هەولێر: 18 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 15 پلەى سیلیزى

دهۆک: 18  پلەى سیلیزى

کەرکوک: 20 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە : 16 پلەى سیلیزى

زاخۆ: 19  پلەى سیلیزى

گەرمیان: 21  پلەى سیلیزى

بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە