964 میدیایەکی جیاواز

ئەمڕۆ 128 ساڵەی یادی رۆژنامەگەری کوردییە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ 22.4.2026 یادی 128 ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردییە بە ناوی “کوردستان”، کە لە 22ی نیسانی 1898 لە قاهیرە لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچوو.

رۆژنامەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ دەرچووە، بەڵام بە پچڕپچڕی و 31 ژمارەی لێ دەرچوو.

بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، رۆژنامەکە لە رێگەی شەمەندەفەر و کەسی تایبەتەوە دەگەیشتەوە کوردستان، کە رۆژنامەکە تەنیا سیاسی نەبوو، بەڵکو هەمەڕەنگ بوو، هەموو ژمارەکانیشی لە لایەن بەدرخانییەکانەوە دەرچووە.

لە دوای راپەڕینی 1991ی باشووری کوردستان، رۆژنامەگەریی کوردی چووە قۆناغێکی دیکە و ئێستاش لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، رۆژنامەگەری کوردی میدیای دیجیتاڵی و سۆشیال میدیا و تی ڤی ئاسمانی هەیە.

لەگەڵ پێشکەوتنەکانیشدا هێشتا کێشە و گرفتی زۆر لە بەردەم پیشەی رۆژنامەنووسیدا زۆرن، بە تایبەتی بابەتی یاسای کار، کە شارەزایان پێیان وایە یاسای کاری رۆژنامەنووسی پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆی میدیا.

تۆڕی 964، میدیایەکی جیاواز

تۆڕی 964 کە سێ ساڵ زیاترە دامەزراوە، لە ناو ئەو فەوزا و قەرەباڵغییەی میدیای کوردیدا، بە شایەدی خوێنەر و بینەر و شارەزایانی بواری میدیا، توانیویەتی وەک میدیایەکی هاوسەنگ و سەنگین و خاوەن متمانە، شوێنی خۆی بکاتەوە و خەڵک بۆ راستی و دروستیی زانیارییەکان پشتی پێدەبەستن.

دروشم و ئاراستەی کاری 964 رەنگە تا رادەیەکی زۆر جیاواز بێت لە زۆرینەی میدیا و سۆشیال میدیای ئێستای کوردی، هەروەها عێراقییش، چونکە بە پێچەوانەی رەوتی زۆرینەی میدیا، هەنگاوی ناوە بەرەو راستی، وردبینی، بێ رتوشی، خۆپارێزی لە تێکدانی لایەنی دەروونیی خەڵک و “کلیک بەیت”، هەروەها خۆی دوورگرتووە لە راکێشانی خوێنەر و بینەر لە پێناو لایک و ڤیوو و کۆمێنت.

تۆڕی 964:

تۆڕی 964: "نابینە سەکۆیەک بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی"