پۆلیس روونكردنەوە دەدات
دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە خانەقین بیسترا
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
کاتژمێر نزیکی 11ی پێش نیوەڕی ئەمڕۆ چوارشەممە 25.12.2024 دەنگی دوو تەقینەوەی زۆر بەهێز خانەقینی هەژاند و سەرجەم دانیشتووان هەستیان پێکرد و ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروست كرد، كە بووە هۆی لەرینەوەی پەنجەرەی ماڵەکانیان لەگەڵیدا، بەڵام پۆلیسی خانەقین دەڵێت هیچ نییە مەترسن مەشقی سەربازیی ئێرانییەكانە.
عەقید محەمەد فازڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە 964ی وت، ئەو دەنگانە هیچ ترسێکی نییە و دڵنەوایی خەڵک دەكەین، کە دەنگەکان هی هەندێک راهێنانی سەربازی تایبەتن بە سوپای ئێران لەسەر سنوور، كە بەهۆی نزیکیی خانەقین لێیانەوە، دەنگەکە ئاوا بەهێز بیستراوە.
ماوەیەکە جۆرێک لە دڵەڕاوکێ لە خانەقین هەیە لە مەترسی هێرشکردنی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە لە دەوروبەری خانەقین جێگیرکراون و هەر دەنگێکی بەهێز ببیستن، واهەست دەكەن بۆردومانی هێزەكانی حەشدی شەعبی یان كارێكی هاوشێوە كراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا