مۆڵەت دەداتە حکومەت
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق: وڵامى هێرشەکان دەدەینەوە
وریا فەتاح
گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە بەیاننامەیەکی تونددا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، مۆڵەتیش دەداتە حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرسی چەککردنیان و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەش لە ئەمریکا و سعودیە دەکات.
بەپێی بەیاننامەکە، مقاوەمەی ئیسلامی بە توندی رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێکیان کردبێتە سەر دامەزراوەکانی سعودیە و دەڵێت: “دوای ئەوەی رەتمانکردەوە پەیوەندیمان بە هێرشەکەی سەر سعودیە هەبێت، دوژمنی ئەمریکی تاوانێکی نوێی ئەنجامدا و حەشدی شەعبی و خزمەتگوزارانی زیارەتکارانی لە کەربەلا کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە دەیان کەس “شەهید” و بریندار بوون.”
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، هێرشی توند کراوەتە سەر سعودیە و بە “ئامرازێکی پیس”ی دەستی کۆشکی سپی و هەواڵگریی ئەمریکا وەسف کراوە. هەروەها گرووپەکە دەپرسێت: “ئەگەر بە قسەی ئەوان هێرشەکە لە عێراقەوە بووبێت، ئایا لۆژیکییە وەڵامی هەوڵێکی (سەرنەکەوتوو) بۆ سەر کێڵگەیەکی نەوتی، بە کوشتن و بریندارکردنی دەیان بێتاوان بدرێتەوە؟”
مقاوەمەی ئیسلامی پرسیار و ئاڵەنگاری دەخاتە بەردەم حکومەتی عێراق و دەڵێت، ئەگەر ئێمە لەم قۆناغەدا چەک و مووشەکەکانمان رادەستی حکومەت بکەین بۆ ئەوەی بەرگری لە سەروەریی عێراق بکات، ئایا حکومەت چ هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیکاران و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدان؟
مقاوەمەى ئیسرامى دوو بڕیارى داوە:
یەکەم: مۆڵەت دەداتە ئەو لایەنانەی حکومەت کە داوای چەککردنی مقاوەمە دەکەن تاوەکو (23ی مانگی سەفەر)، بۆ ئەوەی بزانن حکومەت چی دەکات و چۆن وەڵامی ئەم پێشێلکارییانە دەداتەوە.
دووەم: لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سەردانیکەرانی چلەی ئیمام حوسێن و رێگریکردن لە دروستبوونی پشێوی لە مەراسیمەکەدا، وەڵامدانەوەیان دوادەخەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە “وەڵامدانەوەی دوژمنی ئەمریکی حەتمییە و دێت، کەی پێویست بکات ئەو ئامرازانەش دەکاتە ئامانج کە لە سعودیەدان.”