ڤێتێرنەری دەڵێ؛ نەکوتراون
نەخۆشییەک یەخەی ژمارەیەک ئاژەڵی دێرەلووکی گرتووە و مرداردەبنەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
نەخۆشییەک لە ناو ژمارەیک ئاژەڵی ناحیەی دێرەلووک و گوندەکانی بڵاوبووەتەوە و ژمارەیەک ئاژەڵ بەهۆیەوە مردار بوونەتەوە، ڤێتێرنەری ئامێدی دەڵێت، نەخۆشییەکە هەموو ساڵێک هەیە، بەڵام بەردەوام دووبارە بوونەوەی لە ئەستۆی خاوەن ئاژەڵەکانە، گرنگی بە کوتان نادەن.
زیاترە لە دوو هەفتەیە، لە ناحیەی دێرەلووک و گوندەکانی دەوروبەری نەخۆشییەک لە ناو ئاژەڵان بڵاوبووەتەوە، زیاتر لە 50 مەڕ و بزن و گۆلک مرداربوونەتەوە و زۆرێک لە ئاژەڵەکانی دیکەش نیشانەی نەخۆشی دیاری داوە لە روویان یان ستت و ناچالاک دەردەکەون.
زێرەڤان ئاژەڵدارێکی ناحیەی دێرەلووکە ئەو بە 964ـی وت، چەند هەفتەیەکە ژمارەیەک لە سەرئاژەڵەکانم نەخۆش کەوتوون، وەکو پەتایەکی وەرزی وایە، دوای چەند رۆژێک لە نەخۆشییەکە مردار دەبنەوە و هیچ چارەسەرێکیش لای ڤێتێرنەری و نوسینگەکانی چارەسەری ئاژەڵ دەست ناکەون.
چەند ساڵێکە، هەستی پێکراوە نەخۆشییەکە لەناو ئاژەڵەکانی سنوورەکە بڵاودەبێتەوە بەڵام زێرەڤان وتی، بەوشێوەی ئێستا نەبووە کە ئاژەڵەکانمان بەو رادە زۆرە مردار ببنەوە، تەنیا لەم ماوەیەدا 9 گۆلک گیانیان لەدەستداوە و ئێستاش ژمارەیەکی دیکەم تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و نزیکەی 40 ملیۆن دینار زەرەرمەندبووم، هاوڕێیەکەشم 30 گۆلکی مرداربوونەتەوە و زیاتر لە 50 ملیۆن دینار زیانی پێ گەیشتووە.
ناحیەی دێرەلووک دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، فەرهاد مەولودی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ئامێدی بە 964ـی وت، نەخۆشییەکە لە وەرزی زستان و بەهاردا لە ئاژەڵەکاندا بڵاودەبێتەوە، بەڵام زیانێکی زۆری نییە ئەگەر خاوەن ئاژەڵەکە، کوتانی ئاژەڵەکانیان لە کاتی خۆیدا بکەن.
ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی، زۆربەی خاوەن ئاژەڵەکان، لێرە گرنگی بە ئاژەڵەکانیان نادەن، تا ئێستا هیچ کەسێک سەردانی ئێمەی نەکردووە و باسی مرداربوونەوەی ئاژەڵەکانیان بۆ نەکردووین، بەڵام “ئێمە بەدواداچوونمان کردووە و ئامادەین هەر رێوشوێنێک بۆ خاوەن ئاژەڵەکان بگرینەبەر”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا