چیرۆکی سەرکەوتنی سایە حسێن
لە خولی دووەم 99ـی هێنا و پۆلی 12ـی تەواو کرد
میلاد جەلال – گەرمیان
سایە حسێن، کچە قوتابییەکی گەرمیانە و لە خولی یەکەمدا بەهۆی بارودۆخی دەروونییەوە چوار وانەی هێشتبووەوە، توانی لە خولی دووەمدا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت و بە کۆنمرەی 692 کۆتایی بە قۆناغی پۆلی 12 بهێنێت.
سایە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، لە تاقیکردنەوەی زیندەزانیی خولی یەکەمدا هەندێ هەڵەی کردووە و ئەمەش کاریگەری هەبووە و نەیتوانیوە بەردەوام بێت، بۆیە چوار وانەی بۆ خولی دووەم هەڵگرتووە، بەڵام نائومێد نەبووە و بە کۆششێکی زۆر توانیویەتی ئەو نمرە بەرزە بەدەستبهێنێت کە خەونی پێوە بینیوە.
باسی لەوەشکرد، لە هەموو قۆناغەکانی پێشووی خوێندندا یەکەم بووە، ئامانجی سەرەکیی وەرگیرانە لە کۆلێژی پزیشکی و هانی هاوڕێکانیشی دەدات، کە کۆڵ نەدەن و بەردەوام بن لەسەر خەونەکانیان، چونکە وەک خۆی دەڵێت: “هیچ شتێک لای خودا مەحاڵ نییە” و ئێستا تەنیا چەند هەنگاوێکی کەم لە بوون بە پزیشکەوە دوورە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر