لە کارگەیەکى بەرهەمهێنانى تەقەمەنى روویداوە
تەقینەوەکەى تورکیا زیاتر لە 12 کوژراوى لێکەوتەوە
964+
وریا فەتاح
بەهۆى تەقینەوەیەک لە کارگەیەکى بەرهەمهێنانى تەقەمەنى لە پارێزگای باڵکئەسیری تورکیا، 12 کەس کوژران و چوار کەسیش بریندار بوون.
بەپێى زانیارى میدیاکانى تورکیا، تەقینەوەکە کاتژمێر 8:25 خولەکى ئەم بەیانییە، لە ناحیەى کارێسى سەر بە پارێزگاى باڵکئەسیر لەناو کارگەیەکى تەقەمەنى روویداوە و لە شوێنى رووداوەکەش 12 کەس گیانیان لەدەست داوە و چوار کەس بریندار بوون، بەڵام تەندروستى سێ لە بریندارەکان باشە و مەترسیان لەسەر نییە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لەسەر رووداوەکە رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان لە تەقینەوەکە بەردەوامن و جارێ ئەوەى هەیە بەپێى ئامارە سەرەتاییەکان 12 کەس گیانیان لەدەست داوە و چوار کەسیش بریندارن.
وەک ئەوەى میدیا تورکییەکان باسى دەکەن، تەقینەوەکە لەو بەشەى کارگەکە روویداوە، کە کەپسولی لێ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە.
باس لەوەشکراوە، دوابەدوای رووداوەکە، 112 تیمى تەندروستى و فریاگوزارى و ئاگرکوژێنەوە، رەوانەى ناوچەکە کراون.