وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
خەریکی تاوتوێی وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی ئەمریکاین
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیارەکەی ئەمریکان و بەمزووانە وەڵامیان دەدەنەوە.
هەروەها دەڵێن، ئەوەشی شەوی رابردوو روویدا پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاگربەستیش بوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، “هێزەکانمان گورزێکی بەهێزیان لە دوژمن داوە، ئەگەر پێویستیش بکات گورزی دیکەشیان لێدەدەن و وەڵامی هەر دەستدرێژی و گێچەڵێکیان دەدەنەوە”.
هەروەها باسی ئەوەش دەکەن، ئەوان چاودێریی ئاگربەست دەکەن و هێزەکانیان لەوپەڕێ ئامادەباشیدایە.
لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆ هەینیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ رۆبیۆ رایگەیاندوو، چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەن.
ئەمریکا و ئێران دوو رۆژ لەمەوبەر لەسەر پەڕاوێکی لێکتێگەیشتن کە لە 14 خاڵ پێکدێت گفتوگۆیان کردووە و ئەمریکا پێشنیاری قبوڵکردنی بۆ ئێران کردووە و چاوەڕێی وەڵامن، بە گوێرەی گفتوگۆیەکانیش ئەمڕۆ دواوادەیە بۆ وەڵامی ئێران.