قەزای ئامێدی
پیاوێک بەهۆی شەڕی چەند گەنجێکەوە گیانی لەدەست دا
سیداد حەبیب – دهۆک
ئەمڕۆ هەینی لە کاتی بەڕێوەچوونی سەیرانی ساڵانەی گوندی دێرگژنیکێ لە سنووری قەزای ئامێدی، سەر بە پارێزگای دهۆک، شەڕ لە نێوان چەند گەنجێکی دەرەوەی گوندەکەدا دروست بوو، بەهۆیەوە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵان بە ناوی (تاهیر شەمبی) تووشی جەڵتە بوو، پێش گەیشتنیشی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک گیانی لەدەست دا.
یەکێک لە کەسوکاری تاهیر شەمبی بە 964ی راگەیاند، ئەو گەنجانەی شەڕەکەیان کردووە خەڵکی گوندەکە نەبوون و لە دەرەوە هاتبوون، تاهیر شەمبی-یش کە خێزاندارە و باوکی چوار منداڵ و خاوەن نەوەیە، پێشتر نەخۆشیی شەکرە و کێشەی گەدەی هەبووە و بەهۆی دڵەڕاوکێی شەڕەکەوە جەڵتە لێیداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە گوندی دێرگژنیکێ وەک نەریتێکی کۆن، ئاهەنگ و سەیرانی هاوبەش بە بەشداریی سەرجەم خەڵکی گوندەکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەم رووداوە ناخۆشەوە ئاهەنگەکەیان لێ تێکچوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا