"تەرمەکەی خوێنی پێوەبووە"
گەنجێک لە بەنداوی پەڵکانە خنکا
کاروان ساڵحی- کەرکوک
گەنجێک لە بەنداوی پەڵکانە لە ناحیەی لەیلان لە کاتی مەلەکردن خنکا و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کرا.
سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی لەیلان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8.5.2026 بە 964ـی وت، گەنجێکی 22 ساڵان بۆ گەشت و سەیران رۆیشتوە بۆ بەنداوی پەڵکانە و پاشان مەلەی کردووە، پێدەچێت کاتێک خۆی هەڵداوەتە ناو ئاوەکە جەستەی بەر بەرد کەوتبێت، زەبری بەرکەوتووە و لە کاتی دەرهێنانی لە ئاوەکە خوێن لەجەستەی بینراوە.
سەرچاوەکە وتیشی، دوای دەرهێنانی دەستبەجێ تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کرا و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا .
ئەمڕۆ هەینی ئەمە دووەم رووداوی خنکانە لە سنووری کەرکوک، دوای ئەوەی پێش نیوەڕۆ گەنجێکی تەمەن 30 ساڵان لە گوندی ئسبێح سەر بە ناحیەی زاب لە قەزای حەویجە، لە کاتی مەلەکردن خنکا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا