هۆشدارى بە کارگەکانى تریش دەدرێت
ئەو کارگەیەی بە تێکدەری ژینگەی سۆران دادەنرا، داخرا
964+
ئاکام غەفور-سۆران
کارگەیەکی دروست کردنی قیڕ لە سۆران داخرا، کە هۆکارێکى سەرەکى پیسبوونى ژینگەى سۆران بوو، فەرمانگەى ژینگەش هۆشدارى بە کارگەکانى دیکە دەدات و دەڵێت، بە داخستنى ئەو کارگەیەوە ناوەستین.
کارگەکە باس و خواسی ئەو ماوەیە بوو لە ناو خەڵک، بە هۆکاری پیس بوونى ژینگە سۆران دادەنرا، لە دوای سەردانیکردنى لیژنەکانی قایمقامییەت و فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بڕیاردرا بە داخستنی تاکو مەرجەکانی ژینگەییەکان جێبەجێ دەکات.
لەسەر داخستنى کارگەکە، هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، قسەی بۆ 964 کرد، وتی،”، نەبوونی فلتەری هەوا، نزیکی لە شوێنی نیشتەجێ بوون و نەبوونی مەرجە ژینگەیى و تەندروستی و بەرگری شارستانی، هۆکار بوون بۆ داخستنی ئەو کارگەیە”.
وتیشی،”ئەو کارگەیە دووکەڵێکی ژەهراویی بەسەر شاری سۆران بڵاو دەکردەوە، داخستنی کارگەکەش لە درێژەی ئەو بڕیارەی سەرۆک وەزیرانە کە دەبێت کارگە و پالاوگە نایاساییەکان دابخرێن”.
وەک ئەوەى هەژار ماهیر باسى دەکات، بە داخستنى ئەو کارگەیەوە ناوەستن و سەردانى چوار کارگەى دیکەى سنوورەکەش دەکەن و هەر یەکێکیان مەرجەکانى جێبەجێ نەکردبێت، دادەخرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح