کەرکوک

غازەکەی کێڵگەی خەبازە کۆنتڕۆڵکرا و زیانی نەبوو

کاروان ساڵحی – کەرکوک

شەوی رابردوو، لە کێڵگەیەکی نەوتی خەبازەی کەرکوک، غازێکی ژەهراوی بڵاوبوویەوە و گەشت بە گوندەکانی دەوروبەری و تیمی پاراستن و ئاگرکوژێنەوە دانیشتوانی گوندەکانیان لە رێگای بڵندگۆوە ئاگادارکردەوە کە کەس نەچێتە دەرەوە.

دواین زانیاری ئەوە روون دەکاتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە توانراوە بڵاوبوونەوەکە بەبێ زیان کۆنتڕۆڵ بکرێ.

سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕی کۆمپانیای نەوتی باکور بە 964، بیری ژمارە 46ی سەر بە کێڵگەی نەوتی خەبازە غازێکی ژەهراوی بڵاوکردەوە لە رێگای بڵندگۆ وە ئاگاداری دانیشتوانی گوندەکانی سنورەکەمان کرد کە کەس دەرنەچێتە دەرەوە لە کاتژمێر 2:00ی بەرەبەبەیانی، توانیمان بە سەرکەوتوویی کۆنترۆڵی بکەین.

ئەمە یەکەمجار نییە لەو سنوورانە لێچوونی غاز لە کێڵگەکان رووبدات، لەسەرەتای ئەمساڵ و ساڵی رابردوو، بەهەمان شێوە بۆڕیەکی گواستنەوە غاز لە گوندی قزڵیار لێچوونی هەبوو، دواتر بەهەمان شێوە بەبێ هیچ زەرەر و زیانێک کۆنتڕۆڵکرا.

کێڵگەی نەوتی خەبازە دەکەوێتە سنوری ناحیەی مولتەقا لە رۆژئاوای کەرکوک، لە ئێستادا  46 بیری بەرهەمهێنەری تۆمارکراوی هەیە و لە کاردایە، ئەو کێڵگەیە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور چاودێری دەکرێت و رۆژانە لە نێوان 20 تا 30 هەزار بەرمیل بەرهەمی دەبێت لە رۆژێکدا.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا