خۆیان نۆژەندەکەنەوە

پاڵاوگەی فۆکس دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵ بۆ مانگێک رادەگرێ

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە 15ی ئەم مانگەوە، كاركردن لە پاڵاوگەی فۆكس لەناوچەی پیشەسازی عەربەت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی نۆرماڵ، بۆ ماوەی مانگێك رادەگیرێ، ئەوەش بەهۆی نۆژەنكردنەوەی پاڵاوگەكەوە، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن دەڵێ، بەرپرسانیان ئاگاداکردووەتەوە.

بەو پێیە بێت، لەهەفتەی داهاتوودا بەرهەمهێنانی بەنزینی نۆرماڵ لەو پاڵاوگەوە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی رادەگیرێ، دەبێت لە پاڵاوگە و سەرچاوەی دیکەوە کورتهێنان پڕبکرێتەوە.

ئەژی شەهاب، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە كۆمپانیای فۆكس بە 964ی وت، ماوەی سێ مانگە بارودۆخی ناو پاڵاوگەكەیان و بڕی بەرهەمهێنان رۆژ دوای رۆژ كەمدەكات، چونكە پاڵاوگەكە پێویستی بەنۆژەنكردنەوەیە، بەڵام بەرەچاوكردنی دۆخی هاوڵاتیان ناچاربوون بەردەوامی بەبەرهەمهێنان بدەن.

ئەو وتی، ئێستا دۆخی پاڵاوگەكە گەیشتووەتە بنبەست و ئەگەر ئەو نۆژەنكردنەوەیە نەكەین كوالێتی و ئۆكتانی بەنزینەكەیان زۆر دادەبەزێت و هەروەكو نەفتای لێدێ، بۆیە بەناچاری ئەو بڕیارەیان داوە و بۆماوەی مانگێك و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا لە 15.8.2026 نۆژەنكردنەوەكە دەستپێدەكەن و بەرهەمیان بۆ بازاڕەكان دەوەستێنن.

توانای بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەی لە ناوچەی پیشەسازی عەربەت لە سلێمانی، نزیکەی 6.500 بەرمیلە لە رۆژێکدا، پێشتریش بەڕێوەبەرەکەی مژدی ئەوەی بە خەڵک دابوو، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا یەکەکانی پێشکەوتووی (هایدرۆجین و ئایزۆمەر) بە ستانداردی جیهانی بخەنە کار بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز و کێشەی نرخیش لەو ماوەیەدا چارەسەر ببێت.

بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە فۆكس لەبارەی ئاگادارکردنەوەی لایەنە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی وتی، هەریەك لە پارێزگا، قایمقامیەتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئاگاداركراونەتەوە كە لە هەفتەی داهاتوو دا بەرهەمهێنان دەوەستێنن، تاوەكو رێكاری پێویست بگرنەبەر وە كورتهێنان دروست نەبێت و بەهۆیەوە نرخیش لە بەنزینخانەكان بەرز نەبێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا