چییان كردووە؟
حەوت بەنزیخانە لە خەلیفان داخران
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لە سەنتەری قەزای خەلیفان حەوت بەنزیخانە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی و نوێنەکردنەوەی مۆڵەت و نەدانی کرێی موڵکایەتی داخران.
قایمقامی خەلیفان بڕیاری داخستنی ئەو بەنزیخانانەی داوە، تاکو مەرجەکانیش جێبەجێ نەکەن ناکرێنەوە، هەر بەنزیخانەیەکیش مەرجەکان جێبەجێ نەکات بە یەکجاری دادەخرێت.
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی خەلیفان، بۆ 964 وتی، “حەوت بەنزیخانەمان داخست بە هۆکاری نەبوونی مەرجی سەلامەتی و نوێنەکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەی کارکردن و نەدانی کرێی موڵکایەتی، کە هەر یەک لەم بەنزیخانانە بە یەکێک لەم سێ هۆکارە داخراون”.
وتیشی، لە دوای سەردانیکردنی لیژنەی ئابووری و داواکاریی گشتی، ئەو بەنزیخانانە داخراون، هەر بەنزیخانەیەکیش مەرجەکان جێبەجێ بکات راستەوخۆ دەکرێتەوە.
خەلیفان یەکێکە لە قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە سنووری قەزاکە نزیک 15 بەنزیخانە و گازفرۆش هەن، کە هەشت بەنزیخانە دەکەونە سەنتەری شارەکە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا