رووناکیش دابیندەکات
کۆمپانیایەک: زانکۆی سلێمانی دەکەینە باخچەكی خۆش و سەرنجڕاكێش
964+
ژووری هەواڵ
کۆمپانیایەک پرۆژەی سەوزکردنی زانكۆی سلێمانی جێبەجێدەکات و بەڕێوەبەری جێبەجێكردنی پڕۆژەکەش دەڵێت، دەیانەوێت زانکۆی سلێمانی ببێتە باخچەكی خۆش و سەرنجڕاكێش.
ئەمڕۆ دووشەممە 9.12.2024، زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەی سەوزکردنی زانکۆکە جێبەجێدەکەن کە بریتیە لە دابینکردنی نەمام و ئاودان و دیزاینی لاند سکەیپ بۆ شوێنەكان، “بەجۆرێك كە سیمایەكی جوانی تەلارسازی بە زانكۆی سلێمانی ببەخشێت، سەرباری ئەوەش كارەبا و رووناكیشی بۆ دابیندەكرێت”.
ئەندازیار محەمەد عەبدوڵڵا جەلال، بەڕێوەبەری جێبەجێكردنی پڕۆژەی سەوزكردنەوەی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، رایگەیاندووە، پڕۆژەكە سەوزكردنەوەی هەموو كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی لەخۆدەگرێت، بەڵام سەرەتا لەزۆنی Cـیەوە لە دەروازەی سەرەكی زانكۆ لەسەر شەقامی راپەڕین تاوەكو دەروازەی زانكۆ لەسەر شەقامی قلیاسان، كە نزیكەی 70 بۆ 80دۆنم دەبێت، دەستپێدەكەین و ئەو ناوچەیە هەمووی سەوز دەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەردەم كتێبخانەو بەڕێوەبەرایەتی تەكنەلۆجیای زانیاری و بەردەم كۆلێژەكان و هەرشوێنێك وشكایی تێدا بێت، سەوزی دەكەن، لەڕووی چاندنی دارەكانیشەوە هەوڵدەدەن، كە زۆرترینیان ئەو دارنە بێت، كە چوار وەرزە سەوزن.
هەر لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا، كۆمپانیای ئانزو شەتڵگەی زانكۆی سلێمانی بەشێوازێكی نوێ و مۆدێرن دروستدەکات و نۆژەنیدەكاتەوە.