لەماوەی 10 ساڵدا

عێراق ئاستی داهاتە نانەوتییەکانی تاوەکو 45٪ بەرزدەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، نەخشەڕێگایەکیان هەیە بۆ ئەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکانیان پێ بەرزبکەنەوە  کە تاوەکو 10 ساڵی دیکە بیگەیەننە رێژەی 45٪.

مزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ هەینی، بە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، کە کۆی قەرزە گشتییەکانی عێراق هێشتا لە چوارچێوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا “بەڕێوە بردراون” دەشڵێت ئاڕاستەی ستراتیژیی حکومەت بەرەو ئەوەیە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا پشکی داهاتە نانەوتییەکان لە بودجەدا بۆ 45٪ بەرز بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تێپەڕاندنی هێڵی 40٪ی قەرز بەراورد بە داهاتی گشتی، بە تەنیا نیشاندەری چوونە ناو ناوچەی مەترسی نییە، بەڵکو دەبێت لە ناو هاوکێشەیەکی دارایی فراوانتردا بخوێندرێتەوە، چونکە دەڵێت “دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تەنیا پشت بەم رێژەیە نابەستن، بەڵکو سەیری رێژەی قەرز بەرامبەر تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و توانای بەردەوامیی دەوڵەت لە دابینکردنی داهات دەکەن.”

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران، ئەوە رووندەکاتەوە کە قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە پاشەکشەدان و ئەو بڕەی کە دەبێت تا ساڵی 2028 بدرێتەوە تەنها نۆ ملیار دۆلارە، لە بەرامبەردا، قەرزە ناوخۆییەکان 100 تریلیۆن دیناریان تێپەڕاندووە (کە دەکاتە نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار)، بەڵام جەختی کردەوە کە “کۆی قەرزەکان تەنیا 36٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنن، کە هێشتا زۆر دوورە لەو هێڵە سوورە جیهانییەی باس لە 60٪ دەکات.”

ساڵح ئاماژەی بە هەوڵەکان کرد بۆ یەکلاییکردنەوەی پاشماوەی قەرزەکانی رێککەوتنامەی “یانەی پاریس 2004” و وتی “چاوەڕوان دەکرێت دوای یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە لەگەڵ هەشت وڵاتدا، لایەنیکەم 80٪ی ئەو قەرزانە بکوژێندرێنەوە، ئەمەش باری دارایی دەوڵەت سووکتر دەکات.”

سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، رایگەیاند کە ولاتەکەی کار لەسەر “وەچەرخانێکی دارایی” دەکات و ئامانجیان ئەوەیە لە 10 ساڵی داهاتوودا پشکی داهاتە نانەوتییەکان لە 10٪ـەوە بگەیەنینە 45٪ی کۆی داهاتەکان.”

ئەم ئامانجەی راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران باسیدەکات لە رێگەی ئەم هەنگاوانەوە بەدی دێت:

– چاکسازیی سیستەمی باج و گومرگ: لە رێگەی بەدیجیتاڵکردن و فراوانکردنی بنکەی باج.

– چالاککردنی کەرتی تایبەت: وەک بزوێنەرێکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنان و داهات.

– چاکسازیی کەرتی بانکی: بۆ دەستەبەرکردنی ئاسانکاریی دارایی و سەقامگیری.