باسكه‌ی كچانی ئاسیا به‌ دۆڕانی عێراق ده‌ستیپێكرد

964+
دیلان محه‌مه‌د جه‌زا – سلێمانی

لە سلێمانی پاڵەوانیه‌تی باسکەی هه‌ڵبژارده‌كانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ كچانی ته‌مه‌ن ژێر 16 ساڵان ده‌ستیپێكرد، له‌ یاری كردنه‌وه‌شدا عێراق دۆڕا.

پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ به‌ به‌شداری هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق، سووریا، فەڵەستین و لوبنان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و فیدراسیۆنی باسكه‌ی رۆژئاوای ئاسیا سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات.

لە یەکەم یاریدا هەڵبژاردەی عێراق دووچاری شكست هات و به‌ ئه‌نجامی 45- 62 خاڵ دۆڕا.

بارین رێبین یاریزانی باسکەی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بە تۆڕی 964ی وت، ئامادەکارییەکی باشیان کردووه‌، به‌ڵام له‌ یاری یه‌كه‌مدا بە هۆی هەندێک هەڵەی خۆیانەوە دۆڕان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هەوڵیان دا به‌ جیاوازییه‌كی زۆر یارییه‌كه‌ نه‌دۆڕێنن.

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌، كه‌مپی مه‌شقی له‌ توركیا ئه‌نجام دابوو.
عێراق دوو یاری دیكه‌ی له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ده‌مێنێت، كه‌ به‌رامبه‌ر لوبنان و فه‌ڵه‌ستین یاری ده‌كات.

حوسێن عۆمیدی سەرۆکی فیدراسیۆنی باسكه‌ی عێراق بۆ تۆڕی 964 ی وتی ” پاڵەوانیه‌تییەكه‌ گرنگە بەهۆی ئەوەی ئەو تەمەنانەی بەشداری دەکەن، داهاتووی یاری باسکەن لە عێراق و وڵاتانی ئاسیادا”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ بیلال مەولوود ئەندامی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق بە تۆڕی 964ی راگەیاند، پاڵەوانیه‌تیی رۆژئاوای ئاسیا له‌ رێگه‌ی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق و به‌ هاوکاری فیدراسیۆنی باسکەی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی هێنراوه‌ته‌ سلێمانی.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکەم جاره‌ پاڵه‌وانیه‌تیی رۆژئاوای ئاسیا له‌ سلێمانی بێته‌ ئه‌نجامدان “تیپەکان نیازیان نەبوو بەشداری بکەن، بەڵام باسی کوردستان کرا، بە خۆشحاڵییەوە بەشدارییان کرد، ته‌نیا هه‌ڵبژارده‌ی ئێران به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ به‌شدارییان نه‌كرد”.

له‌ یاری دووه‌می پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا، هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان به‌ ئه‌نجامی 59-32 خاڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڵه‌ستینی برده‌وه‌.

ئه‌مڕۆش ئه‌م یارییانه‌ دێنه‌ ئه‌نجامدان:
سووریا – لوبنان
عێراق – فه‌ڵه‌ستین.