لە لایڤێکدا 100 هەزار دۆلار خەرج کراوە
تائێستا بڕیارەکەی بانکی ناوەندی لەسەر تیکتۆک جێبەجێ نەکراوە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
دوو رۆژە بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە هەموو حەواڵەیەکی دارایی و پارەدان لە رێگای کۆمپانیای تیکتۆکەوە رابگرێت، بەشێک لە کاسبکارانی ناو بازاڕی تیکتۆک دەڵێن، تا ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاریگەری لەسەر بازاڕی ئەوان دروست نەکردووە.
سێبور محەمەد، کە دوکانی مۆبایلی هەیە و کاری فرۆشتنی کۆینی تێکتۆک دەکات، بە 964ـی وت، بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق کاریگەری لەسەر تیکتۆچیەکان نابێت، چونکە ئەوان لە رێگای ترەوە پارەکانیان رادەکێشن و کێشەیان بۆ دروست نابێت”.
“تا 28.12.2024 بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت و ئێستا مامەڵەکردن بە کۆین ئاساییە و هەر دوێنێ شەو لە گرووپ لایڤێک نزیکەی 10 دەفتەر خەرجکراوە”، سێبور محەمەد وای وت.
بەڵام مستەفا مۆفەق کە ئەویش نانی لە بازاڕی تیکتۆکدایە، بە 964ـی وت، “دوای بڕیارەکە بازاڕمان کزبووە و لە بەیانییەوە تا ئێوارە بایی هەزار دینار کۆینم نەفرۆشتووە”.
رۆژی یەکشەممە 1.12.2024 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا بە راگرتنى گواستنەوەى دارایى هاتوو و رۆیشتووى کۆمپانیاى تیکتۆک لە ناوخۆى عێراقدا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری