مۆندیالی 964

دەزانن کۆراساو چییە؟


ئەرسەلان عەبدوڵا

دەزانن کۆراساو چییە، باسی کرواسۆن ناکەم، ئەوەی وەک کێک و کولیچەیە و خواردنێکی فەرەنسییە و بەیانیان دەخورێت.
دڵنیام زۆربەتان گوێتان لەو ناوە نەبووە، یان بە لای کەم ئەم ماوەیە رەنگە گوێتان لێ بووبێت.
کۆراساو یەکێکە لە هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیالی 2026، کە ئەم هاوینە دەکرێت.
کۆراساو وڵاتۆکەیەکی بچووکە و خۆی دوورگەیەک بوو لە دوورگەکانی ئەنتێلی هۆڵەندا، بەڵام دواتر لە 2010 بووە قەوارەیەکی سەربەخۆ.
ئیتر هەڵبژاردەی کۆراساو توانی لە پاڵاوتنەکان سەرکەوتووو بێت و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا خۆی گەیاندە مۆندیال.
کۆراساو بچووکترین وڵاتی بەشدارە لە مۆندیال، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 153 هەزار کەسە، یەعنی هەندەی گەڕەکی تەیراوەی هەولێر نابێت و پانتایی خاکەکەیی 444 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
بەڵام ئەوان ئاڵا و سەربەخۆییان هەیە و ئیتر وەک وڵات حیسابیان بۆ دەکرێت.
هەڵبژاردەی کۆراساو نازناوی شەپۆڵە شینەکەیان پێداوە و بەینی خۆمان بێت، بەشداریی نەکردنی هەرسێ وڵاتی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک لە کیشوەری ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست، کە خۆیان میوانداریی مۆندیالن، فرسەتێکی باشی بۆ کۆراساو رەخساند، تا بتوانێت بگاتە مۆندیال و خەونێکی گەورە بکەنە راستی.
کۆراساو پێشتر لە جامی زێڕین و پاڵاوتنی مۆندیالەکانی پێشوو بەشدار بووە، بەڵام ئەمجارەیان پشتیان بە راهێنەری بەئەزموونی هۆڵەندی دیک ئادڤۆکات بەست و ئەویش لە2024 تیپەکەی وەرگرت و بە خیبرەی خۆی توانی تیپەکە بگەیەنێتە مۆندیالی ئەمجارە.
کۆراساو لە مۆندیال ئەرکی قورسە و یەکەم یاری لەگەڵ ئەڵمانیایە لە کۆمەڵەی پێنجەم، کە ئیکوادۆر و کۆتدیڤواریشیان لەگەڵە، بەڵام بۆ ئەوان بەشداریکردنەکە گرنگترە و مۆندیال باشترین شوێنە بۆ ئەوەی خۆیان و کولتور و ناسنامەکەیان بناسێنن و چەند یاریزانێکی ئاستبەرزیشیان هەیە و ئیتر دەیانبینین.
ئیتر ئەمە دنیایە و دوورگەیەکی بچووک لەوپەڕی دنیا بەشداریی مۆندیال دەکات، بەڵام نەتەوەیەک کە چل ملیۆن زیاترە، کەچی وڵاتێکی سەربەخۆی نییە و ناتوانێت بەشداریی مۆندیال بکات!بکات