بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەڕوو

سنەوبەرەکانی دارستانی کێوەڕەشی رانیە دەبڕدرێنەوە

964+

ژێوار خدر

ماوەی چەند ساڵێکە سنەوبەرەکانی دارشتانی کێوەرەشی رانیە، تووشی نەخۆشی کەڕووی هاتوون و ئێستاش بەڕیوەبەرایەتی دارستان و پاوانی رانیە بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە دەستیکردووە بە بڕینەوەی سنەوبەرە نەخۆشەکان.

ئەبوبەکر حەسەن، لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی رانیە بە 964ـی وت، ساڵی پار لیژنەیەک پیکهێنرا و هاتن سەردانی دارستانەکەیان کرد و دوای پشکنین و بەدواداچوون دەرکەوت دارەکان تووشی نەخۆشییەکی کەڕوویی بوون.

وتیشی، لیژنەکە پێیان راگەیاندووین ئەو دارانەی تووشی نەخۆسییەکە بوون، پیویستە ببڕدرێنەوە بۆ ریگری کردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ دارە ساغەکان.

سەبارەت بەوەی کە ئایا نەمامی دیکە لە شوێنی نەمامە بڕاوەکان دەچێندرێتەوە یان نا؟ ئەبوبەکەر حەسەن باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نیە بۆ چاندنەوەی نەمامە تازە لە شوێنییان، روونیشیکردەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە چاندنی نەمامی تازە پێویستی بە خزمەت کردن و ئاگادار بوون هەیە، بەڵام ئەوان نە پاسەوان و نە کرێکاریشییان نیە کە چاودێری نەمامەکانییان بۆ بکات و چەند جارێکیش داوایان کردووە بەڵام بە بیانووی نەبوونی بودجەوە تا ئێستا بۆیان دابین نەکراوە.

باسی لەوەشکرد، جگە لە دابینکردنی پاسەوان و کرێکار، دارستانەکە پێویستی بە پەرژین کردنیش هەیە، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆر دەچنە ناو دارستانەکە و ناتوانن رێگرییان لی بکەن.

بەپێی دوایین سەرژمێری کە لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو لە دارستانی کێوەڕەشی رانیە ئەنجامدراوە، 1292 دار سنەوبەر بەهۆی نەخۆشییەوە وشک بوون و لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی رانیەش پێشبینی دەکات تا ئێستا نزیکەی 500 داری دیکەش تووشی نەخۆشییەکە بووبن.

نزیکەی چوار هەزار داری دارستانەکەی رانیە وشکبوون

نزیکەی چوار هەزار داری دارستانەکەی رانیە وشکبوون