"بێ پاڵپشتی دارایی بەشداری پاڵەوانێتی گەورەکان دەکەین"

پاڵەوانە وردیلانەکانی شەترەنجی عێراق لە هەولێر مەشق و راهێنان دەکەن

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

پاڵەوانە وردیلانەکانی شەترەنجی عێراق لە هەولێر خڕبوونەوە و لە یانەی مەلیك مەشق و راهێنان دەکەن، یانەکە سێ ساڵە دامەزراوە و لەو ماوە کورتەدا كۆمەڵێک نازناو و دەستكەوتیان بەدەستهێناوە.

سەمیر ئەنوەر سەرۆكی یانەی شەترەنجی مەلیك بە 964ـی وت، “75٪ـی پاڵەوانەکانی عێراق لە یانەکەی ئێمە مەشق و راهێنان دەکەن، لەهەموو پاڵەوانەتییەكان بەشداری دەكەین و هەمیشە پلەی باشمان هێناوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە یەکەم بەشداریکردنیان لە یارییەکانی شەترەنج کە لە شاری سەماوە بەڕێوەچووە، توانیویانە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەدەستبهێنن، دواتر سەرکەوتوون بۆ پلەی مومتازی عێراق.

سەمیر ئەنوەر دەشڵێت، هیچ هاوکارییەکی دارایی ناکرێن و بەو حاڵەشەوە بەشداری پاڵەوانێتی گەورەکان، وەک وڵاتانی عەرەبی دەکەن.

لە ئێستادا نزیکەی 60 یاریزان لەو فێرگەیە مەشق و راهێنان دەکەن کە زۆربەیان منداڵ و مێردمنداڵن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری