پاشگەزبوونەوەی تێدانییە
30 ئەیلول ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە عێراق کۆتایى دێت
وریا فەتاح
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە یەکجاری یەکلاییکردەوە کە رێکەوتی 30ی ئەیلولی داهاتوو، دوا مۆڵەتە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و جەختیش دەکاتەوە کە ئەمە “بڕیارێکی کۆتاییە و هیچ پاشگەزبوونەوەیەکی تێدا نییە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، زەیدی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کرد. سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئاڵۆزی و پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە و جەخت لەسەر گرتنەبەری هەموو هەنگاوێک کراوەتەوە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بپارێزێت و ئارامی جێگیر بکات.
لە بەرامبەر ئاڵۆزییەکاندا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە بە جێبەجێکردنی بەرزترین ئاستی پلانە ئەمنییەکان، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی و مسۆگەرکردنی سەروەریی خاکی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیران داوای کردووە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان زیاتر پەرەیان پێبدرێت و سەروەریی یاسا بچەسپێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی شکۆی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی متمانەی تەواوی هاووڵاتیان بە دامەزراوە فەرمییەکان.