ماوەیەکى زۆرە گیانى لەدەستداوە
کەلار؛ تەرمى مامۆستایەک لە ماڵەکەى خۆیدا دۆزرایەوە
وریا فەتاح
پۆلیسى گەرمیان رایگەیاند کە تەرمى مامۆستایەکى تەمەن 42 ساڵیان لە ماڵەکەى خۆیدا دۆزیوەتەوە کە ماوەیەکى زۆر بەسەر گیانلەدەستدانی تێپەڕیوە و تەرمەکەى تێکچووە.
پۆلیس لە راگەیەندراوێکدا بڵاوى کردووەتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە ئاگادار کراونەتەوە لەبونی تەرمێک لەماڵێکدا لەگوندی ئەڵمانی قەزای کەلار، هەربۆیە دەست بەجێ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان و بەڵگەو تاوان و مەفرەزەی بەشی پۆلیسی کەلار چونە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت هاوڵاتیەک کەپیشەی مامۆستایە بەناوی (شکار عەبدوڵا حەمید) لەدایبکووی 1984 لەماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە
وەک ئەوەى پۆلیس روونى کردووەتەوە، بەپێی تێکچونی تەرمەکەی دەردەکەوێت کە مامۆستاکە ماوەیەکی زۆرە گیانی لەدەستداوە و بەهۆى ئەوەى بەتەنیا دەژی کەس پێی نەزانیوە.
لەئێستادا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە و پۆلیس سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگەو زانیاریە لەسەرهۆکاری گیان لەدەستدانی.