"دوو شەو لە یەک رۆژدا"
رۆژى رووناک بوو بە شەوى تاریک؛ لە بەشێکى ئەورووپا خۆرگیران روویدا
وریا فەتاح
لە بەشێکى زۆرى وڵاتانى ئەورووپا، خۆرگیرانى تەواوەتى روویدا و لە چرکەساتێکى کەمدا رۆژى رووناک بوو بە شەوى تاریک و سەدان ملیۆن کەس بینەرى ئەو دیاردە گەردوونییە بوون.
خۆرگیرانى تەواوەتى لە پێنج وڵات هەستى پێکرا کە ئەمانەن (دانیمارک، ئایسلەند، ئیسپانیا، پرتوگال و باکورى سیبیریا)، بەڵام لە چەند زیاتر لە 50 وڵاتى دیکەش ئەم دیاردە گەردوونییە بینراوە. بەڵام خۆرگیرانى تەواوەتى نەبووە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساتی خۆرگیرانەکە، جووڵەی ژیان لە شەقام و گۆڕەپانەکان وەستا و خەڵک چاویلکەی تایبەتیان ئاراستەی ئاسمان کرد.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ناسا، هێڵی خۆرگیرانە تەواوەتییەکە لە گرینلاند و ئایسلەنداوە بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا تێپەڕی تا گەیشتە باکوور، ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئیسپانیا.
شارەکانی وەک بلباو، بۆرگۆس، لیۆن، سەرەگۆسا و ڤالێنسیا بۆ ماوەی چەند چرکەیەک تا دوو خولەک بەتەواوی چوونە تاریکییەوە. لە بەرامبەردا، هەردوو شاری مەدرید و بەرشەلۆنە بە جیاوازییەکی زۆر کەم نەکەوتنە ناو سەنتەری تاریکییە تەواوەتییەکەوە، هەرچەندە زیاتر لە 99%ی رووبەری خۆریان لێ گیرابوو.
لە پورتوگالیش دیاردەکە لە زۆربەی ناوچەکان بەشێوەی نیمچەیی بینرا، تەنیا ناوچەیەکی بچووکی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە نەبێت (نزیک پارکی مۆنتێسینیۆ لە براگانسا) کە بۆ ساتێکی کورت بەتەواوی تاریک بوو.
ئەوەی دیمەنەکەی هێندەی دیکە سەرنجڕاکێش کردبوو، کاتی روودانی دیاردەکە بوو کە هاوکات بوو لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا.
میدیاکانی ئیسپانیا رووداوەکەیان بە “دوو شەو لە یەک رۆژدا” وەسف کرد. بەهۆی ئەم دیاردەیەشەوە، پلەکانی گەرما و رووناکی بەخێراییەکی لەناکاو دابەزین، ئەمەش وای لە باڵندە و ئاژەڵەکان کرد رەفتارەکانیان بگۆڕن و وا هەست بکەن کە کاتی شەو هاتووە و کاتی خەوتنە.