وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەی هەیە

هەرکەس سیمکارتی بێسەرەتا بفرۆشێ سێ ملیۆن دینار غەرامە دەکرێ

ئەحمەد مستەفا

هەر دووکاندارێک سیمکارتی تۆمارنەکراو بفرۆشێت سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت و سیمکارتێکی زۆری تۆمارنەکراویش لە پارێزگاکانی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

ئەمە قسەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە و دەشڵێت، هەر دوکاندار و فرۆشیارێک مامەڵەیان پێوە بکات رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی و دارایی دەبێتەوە.

ئەو روونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژنامەنووسێکی عێراقی بە ناوی فائق عیقابی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک پەیامێکی ئاراستەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێ، سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12.8.2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت؛ ئەو دەنگۆیانەی ئاماژە بەوە دەکەن گوایە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت راست نییە، بەڵکو راستییەکە ئەوەیە بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

سەبارەت بە سزای سەرپێچیکاران، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بە رێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2021، هەر کەسێک یان دوکاندارێک سیمکارتی تۆمارنەکراو بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە بە بڕی سێ ملیۆن دیناری عێراقی، وە ئاشکراشی کردووە لە هەڵمەتەکانی دواییدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراودا گیراوە و رێککاری زۆر توند بەرامبەر ئەو کەس و خاوەن دوکانانە گیراوەتە بەر کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن.

وەزارەتەکە دەڵێ، سیمکارت دەبێت تەنیا لەلایەن بریکارە فەرمییەکان و دوای تۆمارکردن و بەناوکردنی فەرمی بفرۆشرێت، هاوکات ئاگاداری هاووڵاتیانیشی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک سیمکارتی تۆمارکراو بە ناوی خۆیان نەفرۆشنە هیچ کەسێک، بێ ئەوەی بە شێوازی فەرمی خاوەندارێتییەکەی بگوێزرێتەوە.