قەیران هەیە

راوێژکارى دارایى عەلى زەیدى؛ بە هەر نرخێک بێت هەموو مانگێک موچە دەدەین

وریا فەتاح

هەرچەندە چەند رۆژێکە قسەوباس دروستبووە لەسەر ئەوەى کە حکومەتى عێراق لە پێدانى موچە گرفتى بۆ دروستبووە، بەڵام راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە دروستبووە، حکومەت کاردەکات بۆ ئەوەى بەهەر نرخێک بێت مانگانە مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان دابین بکات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵى عێراقى راگەیاند، لە ئێستادا بەهۆی گرژییەکان و شەڕى لە گەرووى هورمز، قەیرانی نەختینە دروست بووە، چونکە 85%ـی نەوتی عێراق بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت و هەناردەکردن وەستاوە، لە کاتێکدا کیشوەری ئاسیا گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراقە بە رێژەی 70%.

روونیشیکردووەتەوە، بودجەی عێراق بەرێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. گەورەترین خەرجیی حکومەتیش بریتییە لە مووچەی فەرمانبەرانی ناوەند و هەرێمی کوردستان، خانەنشینان، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرمانبەرانی ئەو کۆمپانیایانەش کە لەکار کەوتوون، کە ئەمەش مانگانە پێویستی بە 8 ترلیۆن دینار هەیە و نزیکەی 10 ملیۆن کەس لێی سوودمەند دەبن.

راوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئابووریی عێراق لە بنەڕەتدا بەم شێوەیە داڕێژراوە و ناکرێت بەپەلە بگۆڕدرێت. جەختیشیکردووەتەوە کە بابەتی دابینکردنی مووچە و سەبەتەی خۆراکی مانگانە بۆ 40 ملیۆن عێراقی، لای حکومەت سەرووی هەموو شتێکە و بە هەموو رێگە و توانا و ئامرازێک مووچەی مانگانە مسۆگەر کراوە.