38 هەزار مەتر دووجا قیر کراوە

شارەوانی پێنجوێن قەبارەی قیرکردنەکەی ئەمساڵی بەدڵە

964+
کامیار کەمال – پێنجوێن

ساڵی 2024 لە کۆتایی تەمەنی خۆیدایە و شارەوانی پێنجوێن دەڵێ، حەشریان بە قیرکردنی زۆرێک لە رێگاوبانە سەرەکییەکان کردووە و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی شارەوانی، زۆرێک لە رێگەکان قیرکراون و نۆژەنکرانەونەتەوە.

قەزای پێنجوێن ناوچەیەکی سنورییە و رێگاوبانەکانی بەردەوام هاتوچۆی بارهەڵگری لەسەرە و بەوەش فشارێکی زۆر و بەردەوام لەسەر رێگاوبانەکان هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24.11.2024 رەئوف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ی وت، لەمساڵدا جگە لە رێگەی خێرایی باشماخ کە زیاتر لە 10 کیلۆمەترە، لە قەزای پێنجوێن 38 هەزار مەتر دووجا لە لایەن شارەوانی پێنجوێنەوە قیرکراوە، کە بەشێکیشی لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەدا بووە.

ئەو رێگانەی قیرکراون و نۆژەنکراونەتەوە بەردەوام هاوڵاتیان داوایانکردووە، چونکە چاڵ و چۆڵی و هەڵکەندراوێکی زۆر هەبووە تێیاندا و رێگەیەکی ناخۆش بوون بۆ بەکارهێنان، “ئەمساڵ ساڵێکی باش بوو بۆ رێگاوبانەکانی پێنجوێن و چەند دەرخستەیەکی دیکەشیان ئامادەیە و ئەگەر پارەی بۆ تەرخانبکرێت دەست بە کاری قیرتاوکردنی دیکە دەکەین”، رەئوف رەشید وای وت.

بۆ کارەکانی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوە، شارەوانی پێنجوێن، سوودی لە ئەندازیارەکانی خۆی بینیوە، لەوانە دووسایدی ناوبازاڕی پێنجوێن و چواڕریانی نزیک گوندی راوگان و قیری گەڕەکێکیان نۆژەنکردۆتەوە کە زۆربەی قیرەکە هەڵکەندراو بووە، سەرۆکی شارەوانی باسی لەوەشکرد، بەشێکی کاری قیرکردنەکەش لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە ئەنجامدراوە و چەند کیلۆمەترێکی دیکەش، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێنەوە قیر کراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا