پارەی ناوێ و ئارەزوومەندانەشە

لە هەولێر دەستکرا بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە هەولێر دەستکرا بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و وتەبێژی هاتوچۆی پایتەختیش دەڵێت، ئەم رێکارە ستانداردێکی نێوەدەوڵەتییە و سوود و قازانجی زۆرە.

بە دانانی تەنیا هێمایەک لەسەر تابلۆکانی خۆیان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە، عەقید هێمن حەمەدەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر  هۆکارەکانی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ 964 روونکردەوە و وتی، بەجیاکردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە، لە کاتی رووداوی نەخوازراو وەک ئاگرکەوتنەوە، ئاسانتر بۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی دەناسرێنەوە و دەتوانن بە شێوازی تایبەتی خۆیان بکوژێندرێنەوە.

هاوکات لە شوێنی بارگاوی کردنی پاترییەکانیان، ئاسانکاری باشتریان بۆ دەکرێت و رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلەکانی دیکە رێگەیان لێ بگرن و قەرەباڵغی لە شوێنەکە دروست بکەن.

بەقسەی هێمن حەمەدەمین گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هیچ بڕە پارەیەکی تێناچێ و لەئێستاشدا ئیشە دڵخوازە و شۆفێر بەخواستی خۆی دەتوانێ بیکات یان نە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری