وەزیری پێشمەرگەش لەوێ بوو

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا گۆڕدرا

شۆڕش قادری

بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگەی کوردستان، مەراسیمی گۆڕینی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا لە ئوردن بەڕێوەچوو.

وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک وێنەی مەراسیمەکەی داناوە و نووسیویەتی، بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا  (CENTCOM)، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بە یاوەریی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری لە مەراسیمی ئاڵوگۆڕی فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد کە لە بنکەی سەرەکیی هاوپەیمانان لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا، کە بە سەرپەرشتیی ئەدمیراڵ براد کۆپەر، فەرماندەی CENTCOM بەڕێوەچوو، فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا لە مەیجەر جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرتەوە رادەستی ئەدمیراڵ لیام ئێم هولین کرا.