سێوی ئێرانی بازاڕی قۆرخ كردووە

سێوە زەرد و  سوورە بەتامەکەی باڵەکایەتی بازاڕی نییە

+964

ئاکام غەفور-سۆران

جوتیارانی باڵەکایەتی داد و بێدادیانە بە دەست ساغنەبوونەوەی بەرهەمی سێو، هەر لایەک سەری پێدا دەکەن بۆیان نایەت، هەرچی سێوە هەیانە لە ناو باخەکەیان کەوتووە.

لە گوندی وەڵاشی سنوری قەزای چۆمان زیاتر لە 20 باخی سێو هەن، سێوی پایزەیی زەرد و سووری جوان و لە تامیشدا شیرین و خۆش، کیلۆی بە 200 دینارە لەگەڵ ئەوەش کەس نایکڕێت، جوتیارانیش دەڵێن، هاتنی سێوی ئێرانی هۆکارە بۆ ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکەمان، کشتوکاڵی سۆرانیش نکۆڵی لەوە ناکات کە سێو ئێستاش لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.

ئەیوب کەریم وەڵاشی، جوتیارێکی گوندەکەیە، باخێکی هەیە کە زیاتر لە 100 دار سێوی تێدایە، بۆ 964 وتی، “ئێستا کە وەرزی کۆتایی سێوە زیاتر لە دوو تۆن و نیو سێو لە باخەکەم کەوتووە، نازانم چۆن ساغی بکەمەوە و کەس لێمان ناکڕێت، بەشێکی کەمم فرۆشتوە و کیلۆی بە 200 دینار کە بەشی ماندوو بوون و خەرجییەکەی ناکات”.

وەک ئەو جوتیارە باسی دەکات، هۆکاری ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکەیان ئەوەیە، کە سێوی ئێرانی لە بازاڕ زۆرە، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە کە بەرهەمی ناوخۆ ساغنەبێتەوە، داواکاریشن وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە بە تەواوی قەدەغە بکات، تا تەواوبوونی کاتی بەرهەمی ناوخۆ.

لای خۆیەوە، کامەران مامەند، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران، بە 964ـی وت، “ئاگادارین بەرهەمی سێو لە سنوورەکەمان هەیە و ساغنابێتەوە، ئێمە بە نووسراو وەزارەتی کشتوکاڵمان ئاگادار کردوەتەوە لەو بابەتە”.

وتیشی، هاوردەکردنی سێو بە تەواوی قەدەغە نەکراوە و هەر دێتە کوردستان، تەنیا ئەوەیە باجێکی زیاتری خراوەتە سەر.

بەپێی ئاماری کشتوکاڵی چۆمان، کە بە 964یان داوە، لە سنووری قەزای چۆمان بەرهەمی سێو بەرەو کەمبوونەوەیە، بەهۆی کەمیی نرخ و بەرهەمەکەی، 1300 دۆنم زەویش لە سنوورەکە کراوە بە سێو، بەرهەمی ساڵانەی زیاتر لە 1600 تۆنە

پێداچوونەوە: هاوبەش

سێوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌روارى باڵا هه‌نارده‌ى ئ...

سێوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌روارى باڵا هه‌نارده‌ى ئوردن ده‌كرێت