دەربەندیخان

لە نێوان دوو بەنداودا ئاوی خواردنەوەیان دەستناکەوێت

میلاد جەلال – دەربەندیخان

دەربەندیخان خاوەنی دوو بەنداوە، شارەکە کەوتۆتە نێوان ھەردوو بەنداوی دێوانە و دەربەندیخان کەچی دانیشتووانەکەی ئاوی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت بە دەبە ئاوی خواردنەوە پەیدا دەکەن.

حەیدەر عەبدوڵا، خاوەن باخێکە لەرێگای ئیمام محەمەد و کانیاوێک لە باخەکەیەتی بە 964ـی وت، ئەمە 20 ساڵە خەڵکی دەربەندیخان بەھۆی ھەڵگەڕانەوەیەک لە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، ئاوی بەنداوەکە بەکەڵکی خواردن نەماوە.

“لەبەر خوا دوو بۆریم ھێناوەتە دەرەوەی باخەکەم و خەڵکی رۆژانە دێن بەدەبە ئاوی پاک دەبەنەوە، ھەندێک ماڵیش ھەیە خۆم بە ئۆتۆمبێلەکەم دەبەیان بۆ پڕدەکەم دەیبەم بۆیان”، حەیدەر عەبدوڵا وای وت.

خالید مەحمود، دانیشتوویەکی شارەکەیە و بەدەم پڕکردنی دەبە ئاوی خواردنەوەوە قسەی بۆ 964 کرد، “تەواو ماندوو بووین بەدەست ئاو ھێنانەوە، ھەفتەی چەندجارێک ئەبێت بێمە ئەم کانیاوە چەند دەبەیەک ئاوی خواردنەوە ببەم.

وتیشی، ئەو ئاوەی پێمان دەدرێت بەکەڵکی خۆشۆردن و جلشۆردنیش نایەت بەڵام ناچارین و دەسەڵاتمان نییە و دەبێت بەکاری بهێنین.

پێداچوونەوە: توانا نەقی