30 غەواس و مەلەوان چوونەتە ناو رووباری سیروان
گەڕان بۆ دۆزینەوەی گەنجە خنکاوەکەی گەرمیان بەردەوامە
میلاد جەلال – گەرمیان
دووەم رۆژە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجە خنکاوەکەی ناو رووباری سیروان لە سنووری گەرمیان بەردەوامە و قەرارە ئەمڕۆ لە شوێنێکی دیکە سۆراغی بکەن.
لە بەیانی زووەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشان و کەسوکاری گەنجەکە چوونەتە سەر رووباری سیروان، موحسن مەنسور بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی گەرمیان بە 964ـی وت، “بە هەموو شێوازی پشکنین گەڕانەکانمان دەستپێکرد و وادیارە تەرمەکە لەم شوێنە نەماوە، ئێستا بەلەمەکان لە چەمی بەردەسوورن، دوای نیوەڕۆش لە خوارتر دەگەڕێن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، 30 غەواس و مەلەوان لە هەموو ناوچەکانی گەرمیانەوە چوونەتە سەر رووباری سیروان و تیمەکانی ئاسایش و پۆلیسیش چاودێری دۆخەکە دەکەن.
ئێوارەی دوێنێ شەممە 13.9.2026 گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ بەناوی محەمەد عەبدولڕەحمان لەکاتی راوەماسی لەناو رووباری سیروان لە قەزای کەلار خنکا، گەنجەکە دوو مانگە ھاوسەرگیری کردووە و تا کاتی داڕشتنەوەی ئەم هەواڵە، تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری