کشتوکاڵی دهۆک: کەشوهەوا لەبارە
جوتیارەکانی دهۆک بۆ 15 هەزار تۆن، دار زەیتوونی زیاتریان چاندووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
زەیتوونی دهۆک پێگەیشتووە و ئەمساڵ بەرهەمەکەی زیادی کردووە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆکیش دەڵێت، بەهۆی گونجاوی خاک و کەشوهەوا جوتیاران داری زەیتوون دەچێنن و بەرهەمەکەش روو لە زیاد بوونە.
ئەمساڵ، زیاتر لە 14 هەزار دۆنم زەوی لەسنووری پارێزگای دهۆک کراوە بە داری زەیتوون، کە بەشی زۆری دەکەوێتە قەزای ئاکرێ، شێخان، سێمێڵ و ناوەندی پارێزگای دهۆک.
ئەمڕۆ هەینی 8.11.2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، بەرهەمی زەیتوونی خوماڵی ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زیاتر لە 15هەزار تۆن زیادیکردووە.
جوتیاران بەهۆی خاکێکی باش و کەشوهەوای گونجار داری زەیتوون دەچێنن، بەقسەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێ زیاتر لە 38 هەزار تۆن بەرهەمی زەیتوونی خوماڵی بێتە بەرهەم لە سنورەکەیان.
ئەوە لە کاتێکدا، ساڵی رابردوو لە 13 هەزار و 176 دۆنم زەوی داری زەیتوون، بەرهەمەکەی تەنیا 23 هەزار تۆن بووە، ئەحمەد جەمیل وتیشی، لە بازاڕی دهۆک زیاتر خواست لەسەر زەیتوونی خوماڵی هەیە، نرخی یەک کیلۆ زەیتوون لە نێوان هەزار و 500 بۆ دوو هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا