تیمى پزیشکى و پێداویستى پزیشکى رەوانەى شارەزوور کرا
سکچوونەکانى شارەزوور وەزارەتى تەندروستى هێنایە دەنگ
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى تەندروستى هەرێم، لەسەر توشبوونى هاوڵاتیانى شارەزوور بە سکچوون و رشانەوە راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەن و هۆکارەکەى دەستنیشان دەکەن.
دکتۆر سەرکار سورچى، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی خەڵکی شارەزوور تووشی سکچونێکی کتووپڕ بوونە، راستەوخۆ لیژنەیەک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راسپێردراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن و هۆکارەکان دەستنیشان بکەن.
دەشڵێت: دوای تەواوبوونی کارەکانی ئەم لیژنەیە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە داتا و ژمارە رادەگەیێنرێت.
” لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پزیشکی پسپۆڕ و پێداویستی پزیشکی رەوانەی قەزای شارەزوور کراون بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن”، سەرکار سورچى وا دەڵێت.
روونیشى کردەوە، تا ئێستا دیار نییە ژمارەی توشبووان چەندە، خۆشبەختانە زۆربەی توشبووەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەڕاونەتەوە ماڵەوە، لە ئێستادا نزیکەی 20 بۆ 25 نەخۆش لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور ماونەتەوە و لە ژێر چاودێری پزیشکی دان و دۆخی تەندروستییان جێگیرە .