لوبنان

دوو رۆژنامەنووس و هاوکارێکیان کوژران

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا، کە بە تایبەتی بە ئامانجیان گرتوون، هەریەکە لە پەیامنێری کەناڵی ئەلمنار عەلی شوعەیب و پەیامنێری کەناڵی ئەلمەیادین فاتیمە فەتونی و برایەکی فاتیمە، کە وێنەگری بووە، کوژران.

کەناڵی ئەلمناری سەر بە حزبوڵای لوبنانی، ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، پەیامنێرەکەیان عەلی شوعەیب لەگەڵ رۆژنامەنووس فاتیمە فەتونی، کرانە ئامانجی هێرشێکی ئیسرائیل و کوژران.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە سەرەتاییانەی کە تۆڕی 964 بینیویەتی، لەوانەش رۆژنامەی ئەلنەهاری لوبنانی، هێرشێکی ئیسرائیلی لە نزیک شاری جزین بووە هۆی کوژرانی ئەو دوو رۆژنامەنووسە، کە دەگوترێت بەهۆی راپۆرتە بوێر و هاوسەنگەکانیانەوە لای هاوکارەکانیان زۆر بەناوبانگ بوون.

هەروەها بەپێی راگەیاندراوی باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان کە پرسەنامەی بۆ کوژراوەکان نووسیوە، کەسێکی دیکەش لەو هێرشە کوژراوە، کە وێنەگرە و برای فاتیمە فەتونیی پەیامنێری ئەلمەیادینە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەشی کەناڵی ئەلمەیادین بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بە مەبەست ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کردووەتە ئامانج کە ئەو رۆژنامەنووسانەی هەڵگرتبوو، چوار مووشه‌كی ئاراسته‌ كردوون و تا دڵنیانه‌بووه‌ له‌ كوشتنیان، جێی نه‌هێشتوون.

لە بەرامبەر کوژرانی ئەو دوو رۆژنامەنووسە، لەلایەن ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، عەلی شوعەیب تیرۆریستە و سەر بە هێزی رەزوانی سەر بە سوپای حزبوڵا و ئەمڕۆ کراوەتە ئامانج.

یەكەمجار نییە سوپای ئیسرائیل رۆژنامەنووسان دەكوژێت و لە شەڕی غەززەشدا دەیان رۆژنامەنووس كرانە ئامانج و كوژران.