ئەمڕۆ لە بەغدا

سەرۆک کۆماری عێراق فەرمانی دەستبەکاربوونی پێشکەشی پارێزگاری کەرکوک کرد

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک کۆماری عێراق نزار ئامێدی فەرمانی تایبەتی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ دەستبەکاربوون پێشکەش بە پارێزگاری نوێی کەرکوک کرد.

لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق نزار ئامیدی لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە پارێزگاری کەرکوک محەمەد سەمعان کەنعان کرد، لەوێش فەرمانی سەرۆک کۆماری پێشکەش کرد بۆ دەستبەکاربوون.

وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش کردووە، “دانانی پارێزگاری کەرکوک بە گوێرەی رێکارە دەستوورییەکان و هاوتەریب لەگەڵ ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە سەقامگیری پارێزگا و هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانیدا مسۆگەر دەکەن، ئەنجامدراوە”.

دووپاتیشی کردەوە کە “دەبێت ئیدارەی کەرکوک وەک مۆدێلێکی پێکەوەژیان و هاوبەشی بمێنێتەوە کە خزمەت بە هەموو دانیشتووانەکەی بکات بەبێ جیاوازی”.

لای خۆیەوە پارێزگاری کەرکوک، بەپێی راگەیاندراوەکە ، “سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکی کۆمار دەربڕی بۆ ئەو متمانەیە.

پارێزگاری نوێی کەرکوک محەمەد سەمعان لە نەتەوەی تورکمانە و یەکەمجارە لە مێژووی شارەکە کەسایەتییەکی تورکمان ئەم پۆستە وەربگرێت.