بڕیاری وەزیرە
یەکەم زانکۆ لە دهۆک مامۆستا وانەبێژەکانی کرد بە گرێبەست
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆ یەکەمجار زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک فەرمانی دەستبەکاربوونی 567 وانەبێژی بۆ گرێبەست دەرکرد، وتەبێژی زانکۆکەش دەڵێت، مامۆستایانی وانەبێژ لە هەموو بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگا تەکنیکییەکان دادەمەزرێندرێن.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، وانەبێژی لە بەشەکانی، پزیشکی، تەندروستی، کارگێری، کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیای زانستی هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2024.10.29، سەرکەفت رەشید، وتەبێژی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە 964ـی وت، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێویستییەکانی خوێندن و خزمەتکردنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و خوێندکاران، زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک وەکو یەکەم زانکۆ فەرمانی دەستبەکاربوونی 567 وانەبێژی دەرکرد و مامۆستاکان لە وانەبێژەوە بوون بە گرێبەست.
ئەوە لەکاتێکدا، گشتاندنێک بە واژۆی دکتۆر ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، تێیدا هاتووە دوا بەدواى فەرمانى وەزاریمان ژمارە 2367 لە رۆژی 6.10.2024 سەبارەت بە دامەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتمان بە شێوەى گرێبەست.
بڕیاردرا بە: راسپاردنى زانکۆکان، بەدەرکردنى فەرمانى زانکۆیى دەست بەکاربوون بۆ وانەبێژانى دامەزراو بەشێوەى گرێبەست لەسەر میلاکى زانکۆکانتان لە رۆژی 28.10.2024.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا