وەزیری دەرەوەی عێراق:

ئەمەریکا بەفەرمی داوای لە عێراق کردووە دەروازەکان لەگەڵ ئێران دابخات

مستەفا نەهرۆ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 07.11.2026 ئاشکرایکرد کە حکومەتی عێراق داوایەکی فەرمیی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات، بێجگە لە دوو دەروازە نەبێت.

هاوکات وەزیری دەرەوە رایگەیاند کە پاش لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران، هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەستی پێکردووەتەوە، ئەم هەنگاوەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە داراییە گەورەیەیە کە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتەوە بەر عێراق کەوتووە کە بڕەکەی دەگاتە نزیکەی 60 ملیار دۆلارە.

گرنگترین قسەکانی فوئاد حوسێن بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە:

– بارودۆخی ئێستا ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ناوچەکەدا.

– بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت بە گەرووی هورمزدا، نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانمان بەرکەوتووە.

– دوای لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران، هەناردەکردنی نەوتمان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەستپێکردووەتەوە.

– ئەمریکا بەفەرمی داوای لێکردووین سەرجەم دەروازە سنوورییەکانمان لەگەڵ ئێران دابخەین، بێجگە لە دوو دەروازە.

– بە ئێرانمان راگەیاندووە کە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیمان لەگەڵیاندا قبوڵە، بەڵام دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆمان رەتدەکەینەوە.

– زانیاریمان هەیە کە لایەنە دەرەکییەکان خاکی عێراق بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

– قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە پێویستە لە رێگەی گفتوگۆوە بێت، نەک بە پێکدادانی چەکداری.

– سەرۆکوەزیران لەسەر دۆسیەی چەک لەگەڵ 4 گرووپی چەکدار گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن.