پابەندی رێنماییەکان نەبن سزا دەدرێن

لە رانیە لێپێچینەوە لە خاوەن فرۆشگای قوتابخانەکان دەکرێت

964+

شۆڕش قادری

قوتابخانە ماڵی دووەمی قوتابیانە و دەبێت بەهەموو شێوەیەک پارێزراو بن، بۆیە قائیمقامیەتی قەزای رانیە لێپێچینەوە لە خاوەن فرۆشگای قوتابخانەکان دەکات و دەڵێت، هەرکەس پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە نەبێت، سزا دەدرێت.

کارزان سلێمان سەرپەرشتیاری لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی رانیە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 28.10.2024 وەک یەکەم سەردانمان دوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، سەردانی فرۆشگای بەشێک لە قوتابخانەکانی رانیەمان کرد، بەمەبەستی پێدانی رێنمایی و بەدواداچوون”.

“خاوەن فرۆشگاکانی قوتابخانەکانی ئامەدی بنەڕەتی و بابەگوڕگوڕی بنەڕەتی ئاگادار کرانەوە و دەستیشگیرا بەسەر ئەو مادانەی کە بە گیراوەی رەنگکراو دروست کراون و بەهای خۆراکیان نییە”، کارزان سلێمان وای وت.

وتیشی، پێویستە خاوەن فرۆشگاکان رەچاوی ئەو بڕیار و لیستی خواردنانە بکەن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاوکراوەتەوە و ئەو خواردن و خواردنەوانە بفرۆشن کە بەهای خۆراکیان هەیە، وەک خواردنی کوڵاو.

کارزان سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، لێژنەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێری فرۆشگاکان و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیان، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر .

وێنەیەکی لیستی ئەو خواردنانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بڵاوکراوەتەوە لە خوارەوە: