بەرنامەی کاری بۆ 964 ئاشكرا كرد
کوردێک بووە بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
دوابەدوای گۆڕانکارییە ئیدارییە فراوانەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دیالە، کوردێکی سەر بە رێكخراوی بەدر بووە بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە.
محەمەد شەکەرچی بەڕێوەبەرە نوێیەكەی ناحیەی سەعدیەیە و لە یەکەمین دەرکەوتنی بە 964ی وتی، پۆستەکان ئەمجارە بە رێککەوتنی سیاسی دابەشکراون و سەعدیە بەر پشکی رێكخراوی بەدر کەوت.
وتیشی، سەعدیە وەک چەپکە گوڵێکە و ئەرکی پاراستنی ئەو هەمەجۆرییە دەگرینە ئەستۆ، پرۆژەکانیش لەم ناوچەیە تەنیا جوانکردنی شار نابێت، بەڵکو دانانی کارگە و فەراهەمکردنی هەلی کارکردن لە بەرنامەدایە و ئەو خێزانانەی لە شەڕی داعشیش شارەکەیان جێهێشتووە، بەرنامە دەبێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان و لە ئاوارەیی رزگار دەکرێن.
پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە، پێشتر لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام پاش گۆڕانکاری ژمارەی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، سەرجەم پۆستەکانی ناحیەكە گۆڕانکارییان بەسەرداهات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا