"کودی بووەتە شێخ"
کوڵەکە گران بووە و یەک کیلۆی بە دوو هەزار دینارە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە عەلوەی هەولێری پایتەخت، پەتاتە کەمێک هەرزان بووە، بەڵام کولەکە گران بووە و فرۆشیارێک دەڵێت، لێمان بووەتە شێخ.
پەیامنێری 964 چووەتە ناو عەلوەی هەولێر و پرس و جووی بۆ نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کردووە، گەیلان محەمەد خاوەن کۆگا و فرۆشیارێکی کۆنی ناو عەلوەیە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ساڵانی رابردوو لەم کاتەدا کودی زۆر بوو لە موسڵ و بە زۆری دەهاتە هەولێر و شارەکانی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ فەلاحەکانی ئەوێ کەمیان چاندووە و نایەتە کوردستان، بۆیە گران بووە”.
“پێش هەفتەیەکی پەتاتە شێخ بوو، بەڵام ئێستا کودی شێخە”، گەیلان محەمەد وادەڵێت.
بە قسەی ئەو کاسبکارە مانگێک پێش ئێستا، کیلۆیەک کوڵەکە بە 400 بۆ 600 دینار بووە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزار و 400 دینارە لە عەلوە و بە نزیکەی 2000 دینار جا دەگاتە دەست هاوڵاتیان، چونکە کرێ باری دەچێتەسەر.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری