بە مقەستێکەوە دەرکەوت
پارێزگاری دهۆک چاڵنجی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
پارێزگاری دهۆک بە مقەستێکی داربڕینەوە، سەرقاڵی لێکردنەوەی چڵە زیادەکانی دارێکە و چاڵنجی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنورەکەی دەکات، پەل و باڵی دارە زیادەکان ببڕن.
وەرزی پایزە، زۆرێک لە ژینگەپارێزان و خاوەن باخەکان بەژن و باڵای دار کورت و قیت دەکەنەوە، ئەو پەلانەی زیادەن دەی بڕن و بۆ وەرزێکی نوێی گەشەکردن ئامادەیان دەکەنەوە.
ئەوەندەشی نەماوە گەڵای دارەکان بوەرێ.
دهۆک جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەش قەزا و 29 ناحیە دەکەوێتە سنووری کارگێڕییەوە، ئامانجەکەی پارێزگار ئەوەیە ئەوانیش بەشداری پێ بکات.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە لە پێگەی فەڕمی پارێزگاکە بڵاو کراوەتەوە چاڵنجەکەی راگەیاند و بە قایمام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەڵێت، پایزە ساڵی چەند جار دووبارەی بکەنەوە، چڵە زیادەکانی داری ناو باخچەی خۆتان یان شەقامەکان ببڕن و باخچەکانتان پاک بکەنەوە.
بەپێی داتای شارەوانی دهۆک، رێژەی سەوزایی لە پارێزگاکەدا سەدا 14یە، کە 12 پارکی گەورەش لە سەنتەری شارەکەدا بوونی هەیە، بە تەواوبوونی هەردوو پارکی سەرهەڵدان و ئالووکا چاوەڕوان دەکرێ بۆ نزیکەی سەدا 20 رێژەکە زیاد بکات، کە لەسەر رووبەری 700 دۆنم زەوی دروست دەکرێن.